سلێمانیش خۆی بۆ لافاو ئامادە دەکات

میدیازان – هێڤی خالید – سلێمانی

 شارەوانی سلێمانی دەستیکرد بە پاککردنەوەی مەنهۆڵ و زێرابەکانی شارەکە، بە مەبەستی کۆنەبوونەوەی زبڵ و بەرگرتن لە لافاو.

 شارەوانی سلێمانی بەر لە هاتنی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین دەستیان پێکردووە، تاوەکو دەرفەتیان هەبێت بە ئاسانی کارەکانیان بکەن.

 زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە میدیازانی وت، “ئەم هەڵمەتەمان پێش هاتنی شەپۆلی بارانی بەهێز دەستپێکردووە و سەرجەم تیمەکانی شارەوانی بەشدارن”.

هەروەها باسیکرد، کە هەڵمەتەکە هەموو شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانی دەگرێتەوە و داواشی لە هاوڵاتیان کرد، لە هەر شوێنێک کۆبوونەوەی ئاو دروستبوو پەیوەندی بکەن بە ژمارە ۱٠٠ بۆ ئەوەی تیمەکانیان بچن بە هانایانەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەر بۆ زستانی ئەمساڵ و لە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ٣٥ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى چارەسەرى کێشەى لافاو تەرخانکراوە.