بەھۆی  راکردنی تۆمەتبارێک لە دەستیان

شەش پۆلیسی دارستانی ھەڵەبجە راگیراون

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

شەش پۆلیسی دارستان هەڵەبجە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارێک لەدەستیان رایکردووە.

دوای ئەوەی سێ کەس  بە تۆمەتی راوکردن دەستگیرکراون، دوێنێ براونەتە بەردەم دادوەر، بە فەرمانی دادوەر براون بۆ پشکنینی مادەی ھۆشبەر بۆ پزیشکی داد، بە ھۆی ئەوەی گومانی ئەوەیان لێکراوە، مادەی ھۆشبەریان بەکارھێنابێت و یەکێک لە تۆمەتبارەکان لەو کاتەدا ھەڵھاتووە  و تا ئێستاش نەتوانراوە دەسگیربکرێتەوە.

فەرمان عومەر، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی ھەڵەبجە بە 964ـی وت: ”ئەو سێ کەسە لە شاخەکانی ھەورامان، بە تۆمەتی راوکردنی کەو دەستگیرکراون، دوێنێش لە بەردەم پزیشکی داد، لەو کاتەدا کە براون بۆ پشکنینی مادەی ھۆشبەر، بە ھۆی سەرقاڵی کارمەندەکانمانەوە یەکێک لە  تۆمەتبارەکان لە دەستیان ھەڵھاتووە”.

وتیشی، “شەش پۆلیسی دارستانی ھەڵەبجە بە فەرمانی دادوەر ئێستا راگیراون، کە لەو کاتەدا لە فەرماندا بوون، لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەدا بوون کە ھەڵھاتووە.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بەدواداچوون بۆ بڕینەوەی سنەوبەرەکانی هەڵەبجە دەکرێت

بەدواداچوون بۆ بڕینەوەی سنەوبەرەکانی هەڵەبجە دەکرێت