"نه گه‌یشتووه‌ته ئاستی مه‌ترسیدار"
به‌شێكى گه‌نمى چێندراوى دهۆك “سن” لێیداوه و كشتوكاڵیش خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له دهۆك كشتوكاڵ ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه زینده‌وه‌رى سن له به‌شێك له كێڵگه گه‌نمه‌كانى داوه و ئه‌ویش لیژنه‌ى قه‌ڵاچۆكردنى بۆ پێكهێناوه و كێڵگه‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه، به‌ڵام كه‌سی یه‌كه‌مى كشتو‌كاڵى دهۆك ده‌ڵێت “جاری مه‌ترسیدار نییه”.
چه‌ند رۆژێكه ئه‌و لیژنه تایبه‌تانه‌ى كشتو‌كاڵى دهۆك چه‌ندین كێڵگه گه‌نمیان له سنوورى قه‌زاكانى ئاكرێ و سێمێل به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه و به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ى به سه‌رووى خۆیان داوه نایشارنه‌وه كه “سن” له زۆربه‌ى كێڵگه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د جه‌میل، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتو‌كاڵى دهۆك به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و “سن”ـه‌ى بڵاوبووه‌ته‌وه جارێ سنوورى ئابوورى نه‌بڕیوه و مه‌ترسیدار نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر زوو نه‌كرێت، زیانى زۆر به‌جێده‌هێڵێت.
وتیشی “به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ى كه رۆژانه له لیژنه‌كانمانه‌وه ده‌گات داوامان له وه‌زاره‌ت كردووه به‌په‌له ده‌رمان و چاره‌سه‌رى بۆ ئه‌م سنه دابینبكات”.
به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌كانى كشتو‌كاڵى دهۆك بێت، هه‌ر كێڵگه‌یه‌كی گه‌نم له یه‌ك مه‌تر چوارگۆشه سنى لێ په‌یدا بووبێت ئه‌وه ترسناكه، به‌ڵام وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی ده‌ڵێت “بڵاوبوونه‌ته‌وه به‌ڵام به‌و قه‌باره‌یه نییه”.