کۆگایەکی تەماتە لە عەلوەی هەولێر - وێنە: 964
"چونکە لە بازاڕدا کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە"
وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە هەڵبگیرێت
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڕیاریدا بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە و داوایش لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکات، رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
لە نوسراوێکدا کە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، ئاماژە بەوەکراوە کە رۆژی 1.4.2025 وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریداوە بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لە دەرەوەی وڵات.
دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت کە بەرهەمی تەماتە لە بازاڕەکان زۆر کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، “دوای بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە لە گشت سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆمان دەرکەوت کە ئەو بەرهەمە لە بازاڕەکان زۆر کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە”، هەربۆیەش بڕیاریانداوە قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە هەڵبگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 7.4.2025 وەزارەتی کشتوکاڵ داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کردووە، رێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگرێتەبەر.
رۆژی یەکشەممە 26.1.2025 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێم بڕیاریدا هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە قەدەغە بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنى ئابورى عێراق کۆبووەو بڕیاریدا کە دەرگاى هاوردەکردنى حەوت جۆرە سەوزە بکاتەوە کە لە عێراق وەرزى پێگەیشتنیان کۆتایی هاتووە، بەتایبەت تەماتەو پەتاتە و قەڕنابیت و خاس و شێلم و چەوەندە و کەلەرم.
وێنەیەکی نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە خوارەوە: