لە رۆژی یەکشەممەوە
هاوردەی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە رۆژی یەکشەممەوە، هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەبکرێت و دەڵێت، بڕیارەکە بە مەبەستی گرنگیدانە بە بەرهەمی خۆماڵی و ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جوتیارانی بەسڕە و پێنجوێن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی جوتیاران بڕیارماندا بە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممە 26.1.2025ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
وەزیری کشتوکاڵ داوای کرد، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش هاوکاری جوتیارانی هەرێمی کوردستان بن و لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکاندا هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە رابگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.1.2025، وەزارەتی کشتوکاڵ نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەکاتی خۆیدا و لە نوسراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لەسەر داوای جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەرکراوە.