پەیکەری شووتی، گەنم و جۆ و بەڕووشیان هەیە
سەیدسادق بووە خاوەنی پەیکەری کاڵەک
+964
بڕوا مەجید – سەیدسادق
دوای دانانی پەیکەری گەنم و جۆ، شووتی و بەڕوو، ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای سەیدسادق لەلایەن دوو پاکەوانەوە پەردە لەسەر پەیکەری کاڵەک لادرا.
کۆمار مەلا رەئوف، ئەو هاوڵاتیەییە بە خۆبەخشی پەیکەری کاڵەکەکەی دروستکردووە، بۆ 964 وتی، “ماوەی چوار مانگە دەستمان کردووە بە دروستکردنی فولکەیەک لە چوارڕیانی ئاوایی حاجی قادر و دانانی پەیکەرێکی کاڵەکی جۆری رۆما لەناو فولکەکە، پەیکەرەکە لەلایەن وەستای شارەزا و لێهاتووی کوردستان و ناوچەکە دروستکراوە ئەو کەرەستەیەی بۆی بەکارهاتووە لە جۆری فایبەرە و بەرگەی سەرما و گەرما دەگرێت، پێوانەکەی دوو مەتر درێژە و یەک مەتریش بەرزە”.
وتیشی، “تێچووی کاڵەکەکە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە، بە دروستکردنیەوە دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، ئامانج لە دانانی پەیکەرەکەش ئەوەیە دەشتی شارەزوور دەشتێکی بەپیتە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵەک و ئەم سنوورەش لە کەڵەکی جۆری رۆما بەرهەمێکی باش بە جوتیاران دەدات، ئەمڕۆش لەلایەن دوو پاکەوانەوە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادرا،
باسی لەوەش کرد، کە ئەو پاکەوانەکانی لە خۆی بە شایستەتر زانیوە بۆ لادانی پەردە لەسەر پەیکەرەکە، لە داهاتووشدا پلانی دروستکردنی پەیکەری نێرگزیان هەیە”.
پێشتر لە قەزای سەیدسادق جگە لە پەیکەری کەسایەتییەکان، چەندین پەیکەری خواردن و میوە دانراوە، لەوانە گەنم و جۆ و شووتی و بەڕوو. بریاریشە لە داهاتوودا پەیکەری نێرگز لە هەمان قەزا دابنرێن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر