400 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەشتووە
بۆ قەرەبووکردنەوەیە؛ زیانلێکەوتوانى تەرزەکەى دوێنێ تۆمار دەکرێن
ئاکام غەفور-سۆران
بەرگری شارستانی سۆران تەواوی ئەو هاوڵاتیانە تۆمار دەکات کە دوێنێ لە تەرزە بارینەکەی سۆران زیانیان پێگەیشتوە، بەپێی پێشبینیە سەرەتاییەکانیش زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتوە.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بۆ 964 وتی،”لە سەرەتا تەواوی ئەو ئۆتۆمبێل و ماڵانە تۆمار دەکەین کە زیانیان پێگەیشتوە، ئێستا هیچ بابەتێکی قەرەبوو کردنەوە نییە بۆیان، بەڵام هەوڵدەدەین لە داهاتوو لە رێگای سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیان لێکەوتوان قەرەبوو بکرێنەوە”.
وتیشی، “لەم قۆناغە زەرەروزیانی جوتیاران تۆمار ناکرێت لە دوای تەواو بوونی تۆمارکردنی ئەو کەسانەی زیان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان گەیشتوە، لیژنەیەکی تایبەت زیانی جوتیارانیش تۆمار دەکات”.
وەک بەرگری شارستانی باسی دەکات، ئەو کەسەی زیانی پێگەیشتوەو دەیەوێت زیانەکان تۆمار بکات، پێویستە سەردانی بنکەی بەرگری شارستانی ناحیەی دیانا بکات کە دەکەوێتە نزیکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران و بینای ناحیەی دیانا، زیانپێگەیشتو پێویستە ئۆتۆمبێلەکە و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی و کارتی نیشتمانی خۆی ببات.
دوێنێ شەممە، 5.4.2025، بەهۆى بارینى تەرزە، ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى سنوورى ئیدارەى سۆران زیانیان پێگەیشت و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل تەرزەکوت بوون یان جامەکانیان شکا، ئەوە جگە لەوەى رەزو باخى هاوڵاتیان توشى زیانى گەورە بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح