لەسەر مامەڵەکردن و ساغکردنەوەی دراوی ساختە سێ تۆمەتبار دەستگیر کران - وێنە: پۆلیسی سلێمانی
لە سەیدسادق
بەتۆمەتی مامەڵەکردن و ساغکردنەوەی دراوی ساختە سێ تۆمەتبار دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە لە ناو بازاڕدا، مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردبوو.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەکانی پۆلیس لەبارەی سێ تۆمەتبارەوە کە مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردووە و لەچەند دوکانێکی قەزای سەیدسادق ساغیانکردووەتەوە، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکردووە و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانراوە هەرسێ تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیر بکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر بڕێک لەپارە ساختەکەدا.
تۆمەتباران بە ناوەکانی (پ، ک، س) تەمەن 18 ساڵ و (م،ب، م) تەمەن 19 ساڵ و (ر، ئـ، م) تەمەن 22 ساڵ دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 289 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.