"بارانبارین و تەرزە کۆتایی نەهاتووە"

بەرگری شارستانی سۆران چووە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوی نەخوازراو

شۆڕش قادری

دوای شەپۆلی بارانبارین و تەرزەکەی ئەمڕۆ، بەرگری شارستانی سۆران چووە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی نەخوازراو و داواش لە هاوڵاتیانی سنوورەکە دەکات، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیان داپۆشن.

کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە بڵاوکردنەوەی رێنماییەک داوای لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە کرد، کەلوپەل و رۆشنایی ماڵەکانیان داپۆشن و ئەگەر گەراجیشیان هەیە، ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە گەراج یان بە کەلوپەلی پێویست دایپۆشن، بۆ ئەوەی دوچاری زیانی ماددی نەبن.

دەشڵێت، “ئاگاداری هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەینەوە کە شەپۆلی باران بارین و تەرزە کۆتایی نەهاتوە و ئەگەر هەیە بەردەوام بێت، بۆيه تەواوی هێزەکانمان له ئامادەباشیـدان بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی لەناکاو”.

دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و لە هەندێک شوێنیش هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدا بوو، لە ئیدارەی سۆران تەرزەکان بەهێز و گەورە بوون، بەشێوەیەک جامی چەند ئۆتۆمبێلێکی شکاند و لە رواندزیش، پێنج کەس سەریان شکا و بریندار بوون، سێ کەسیان لە نەخۆشخانە برینەکانیان بۆ دوورایەوە.