دەروازەى نێودەوڵەتی باشماخ - وێنە؛ ئەرشیفی 964+
لە ماوەی یەک ساڵدا
413 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزەکانی سنوورى سلێمانییەوە براوەتە سنە
شۆڕش قادری
لە ماوەی یەک ساڵدا 413 هەزار تۆن کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی سلێمانییەوە براوەتە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گومرگیان بۆ کراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری فەرامەرز ئومیدی چاودێری گومرگی پارێزگای سنە بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2024 تا 21.3.2025 ، 413 هەزار تۆن کاڵا بەبەهای 934 ملیۆن و 229 هەزار دۆلار لە دەروازە سنوورییەکانی سلێمانییەوە هاوردە کراوە و گومرگ کراون، رێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 258٪ زیادیکردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاڵاکان جۆراوجۆرن و زۆربەیان لە وڵاتانی عێراق و ئیمارات و چین و ئیتاڵیا و تورکیاـوە هاوردە کراون.
گومرگی پارێزگای سنە دوو لقی سەرەکی لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزی سەیرانبەن هەیە کە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە چوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و بە یەكێك لە دەروازە گرنگەكانی سەرچاوەی داهاتی هەرێم دادەنرێت، مەرزی سەیرانبەنیش یەکێکە لە مەرزە نافەرمییەکانی هەرێم و لە نێوان پێنجوێن و شاری بانەی سەربە پارێزگای سنەـدایە.