لۆگۆى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى
بۆچى رێگە بە "خێرخواز"ێک نادرێت؟
کێشەى سەنتەرى ئۆتیزمى کەلار لەسەر چییە؟
وریا فەتاح
لە قەزای کەلار ھیچ سەنتەرێکی حکومی بۆ تووشبوانی ئۆتیزم نییە، ئەوەی ھەیە چەند سەنتەرێکی ئەھلیین، خێرخوازێک دەیەوێت سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزای کەلار بکاتەوە و دەڵێت، رێگرییان لێدەکرێت بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە، وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیش دەڵێت: خۆمان لە چەند هەفتەى داهاتوودا سەنتەرێکى حکومى دەکەینەوە.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، خێرخوازێک و ژمارەیەک لە چالاکوانانی کەلار لەگەڵ کەسوکاری تووشبوانی ئۆتیزم لە بەردەم بینای سەنتەری ئۆتیزمەکە گردبوونەوە، بەقسەى ئەو خێرخوازە کە بۆ 964 قسەى کردووە، وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى رێگریان لێدەکات لە کردنەوەى سەنتەرەکە.
بەقسەى ئامانج جەمال، ئەو خێرخوازەی دەیەوێت سەنتەرەکە بکاتەوە، وەزارەتى کار پێیان وتوون مۆڵەتتان نییە و ناتوانن سەنتەرەکە بکەنەوە.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 قسەى لەگەڵ سەرچاوەیەکى باڵاو بەرپرسى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کرد، پرسیارى ئەوەى لێکردن بۆچى رێگە بەو خێرخوازە نادەن کە دەیەوێت سەنتەرێکى ئۆتیزم لە کەلار بکاتەوە؟، سەرچاوەکە بە 964ـى وت،”وەزارەت بینایەکی هەیە لە کەلار نۆژەنمان کردۆتەوە و هەموو پێداویستی و کەلوپەلێکمان بۆ دابین کردوە لە چەند هەفتەی داهاتوو دەکرێتەوە، بەڵام کەسێک هاتووە داواى بیناکە دەکات بە کەلوپەل و ئەساسەکانیشەوە، ئامادەش نییە مۆڵەت دەربهێنێت”.
بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، ئەو سەنتەرەى وەزارەتى کار لە ماوەیەکى نزیک لە کەلار دەیکاتەوە، بێ بەرامبەرە و منداڵەکان مانگی 30هەزاریان پێدەدرێت لەگەڵ ژەمێکی سوک، بە پاسی حکومیش هاتوچۆیان پێدەکرێت.
جەختیش دەکاتەوە، لە دنیادا شتی وا نییە سەنتەری ئۆتیزم مۆڵەتی فەرمی نەبێت، هەر کەسێک خۆى بخاتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەى سەنتەرێک رادەستى ئەو کەسە بکات کە مۆڵەتى نییە، وەزارەت نایکات.
“ئێمە ڕێگا نادەین کەس بە ناوی منداڵی ئۆتیزمەوە بازرگانی بکات، خۆمان پڕۆژەمان هەیە و لە ئایندەیەکى نزیکدا سەنتەرە حکومییەکە دەکەینەوە”، سەرچاوەکەى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى واى وت.