بومەلەرزەکە داهاتی ئیبراهیم خەلیلی سڕکردووە
+964
فەهمی نەبی
دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، بەهۆی بومەلەرزەکەی دووشەممەی رابردووی تورکیا، بەرێژەی %80 جوڵەی بازرگانی لەو دەروازەیە کەمبووەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بومەلەرزەکە، بەشێکی بەرچاوی کارگەکانی تورکیا لە کارکردن وەستاون، بەو هۆیەوە جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکە کەمبووەتەوە.
دەروازەکە، هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی بۆ ناسەقامگیری نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە، بەو هۆکارانە، جوڵەی بازرگانی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، بە رێژەی %70 بۆ %80 دابەزیوە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گومرگی عێراقی بێت، داهاتی ساڵی 2021ی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل 807 ملیار و 756 ملیۆن دینار بووە.
دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، لەسەر ئاستی عێراق، تاکە دەروازەی فەرمی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە و دەکەوێتە سنووری قەزای زاخۆ.