گەرمیان
سێ راوچی بە ئۆتۆمبێلەوە دەستگیر کران
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گوندی قەڵا سەر بە ناحیەی زینانە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سێ کەس دەستگیرکراون کە راویان کردووە، ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستیبەسەرداگیراوە.
سێ راوچییەکە بە قسەی پۆلیس راست و چەپ وەشاندوویانە و حەوت پۆڕ و کەروێشکیان بە تاپڕ کوشتووە.
وەھاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بە 964ى وت، بۆ بابەتێک رۆیشتوون کە مەڕەشەی ئاودانی زەوی کشتوکاڵی شکاون لە گوندی قەڵا، کاتێک سەیری کامێرای چاودێرییان کردووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابیان بینیوە و گومانیان لە ھاتوچۆی ھەبووە.
“ھێزەکانی ئاسایش کاتێک رۆیشتن سەیریان کرد پیکابەکە راوچین، حەوت پۆڕ و کەروێشکیان راوکردبوو، بۆیە دەستگیرکران و رادەستی پۆلیسی دارستان کران”، وەھاب ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەوان ژمارەیان چوار کەس بوو، بەڵام یەکێکیان پەیوەندی بە راوکردنەکەوە نەبووە بەپێی گرتەکانی کامێراکانی چاودێری، سێ کەسیان دەستگیرکرا و تاپڕێک و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستی بەسەرداگیراوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا