لیژنە پێكهێنرا

پڕۆژەی دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی بۆ شاری ھەولێر دەستپێدەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی UNDP، باس لە دەستپێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی پشتێنی سەوزایی بۆ شاری هەولێر كرا و لیژنەش پێکهێنرا.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە 21.4.2025، لە دیوانی پارێزگا لە نێوان ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و کەنەدى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى رێکخراوى UNDP و شاندێکى یاوەرى کرا.

بە پێی راگەیاندراوی پارێزگا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر کرا، کە لە ماستەر پلانى شارى هەولێردایە و گرنگیی زۆری بۆ شاری ھەولێر هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا بۆ بەدواداچوون و بەرچاووڕوونى و داڕشتنى پلان و کارکردن لەسەر پڕۆژەکە، لیژنەیەکى هاوبەشیان پێکهێنا و جەختیان لە کارکردنى هاوبەش بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کردەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى رێکخراوى UNDP، ئامادەیی رێکخراوەکەیانی بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى پشتێنەى سەوزایی شارى هەولێری دەربڕیوە، پارێزگاریش ئامادەیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ پڕۆژەكە خستووەتەڕوو.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، وەك ئاماژەی پێكراوە بەرپرسی چەند یەكەیەكی ئیداری و خزمەتگوزاریی هەولێر ئامادەی بوون، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێریشەوە لە رێگەى داتاشۆوە بە نەخشە و داتا، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر خراوەتەڕوو.

شاری هەولێر لە رێگەی چەندین پڕۆژەی جیاجیای سەوزكردنەوە، هەوڵ دەدات ئاستی پاكیی ژینگەكەی و رێژەی سەوزایی بەرز بكاتەوە و بیگەیەنێتە ئاستێكی ستانداردی جیهانی.