بە هۆی ئاگرەوە

تەواوی مریشکەکانی دەواجنێک لە گوندێکی ناحیەی خەلەکان سووتان

+964

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە دەواجنێکی گوندی کانی مازووی سەر بە ناحیەی خەلەکان، تەواوی مریشکەکانی دەواجنەکە سووتان و خنکان و هیچ مریشکێک بە سەلامەتی دەرنەچوو.

تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە هۆکارەکەی و کەسیش لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.

کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، بە 964ـی وت، دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دەرکەوت تەواوی مریشکەکانی دەواجنەکە سووتا و خنکاون و هیچی بۆ دەرنەچووە، تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە دەستنیشان نەکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و هۆکاری رووداوەکەش کراوەتەوە.

وتیشی، “گومان لەسەر هیچ کەسێک نییە ئاگرەکەی کردبێتەوە، هیچ کەسێکیش دەستگیرنەکراوە، بەڵام هەر کەسێک تۆمەتبار بێت، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر”.

گوندی کانی مازوو دەکەوێتە ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان، نزیکەی 22 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای دوکانەوە دوورە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

تەواوی مریشکەکانی دەواجنێک لە گوندێکی ناحیەی خەلەکان سووتان