ژمارەی كوژراوانی بوومەلەرزەكەی میانمار . دوو هەزار كەسی تێپەڕاند، فۆتۆ: ئاژانسەکان
270 كەس بێسەروشوێنن
ژمارەی كوژراوانی بوومەلەرزەكەی میانمار دوو هەزار كەسی تێپەڕاند
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاژانسی هەواڵی شینخوای چین بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە کە میانماری گرتەوە، دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی سێ هەزار و 900 کەس، هاوکات 270 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ئاژانسەکە لە زاری ئەنجومەنی کارگێڕیی دەوڵەتەوە بڵاویكردەوە، ژمارەی کوژراوانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە رۆژی هەینیی رابردوو میانماری گرتەوە، بۆ دوو هەزار و 56 کەس بەرزبووەوە، هاوکات نزیکەی سێ هەزار و 900 کەسیش برینداربوون، پێدەچێت نزیکەی 270 کەسیش هێشتا بێسەروشوێن بن.
راپۆرتەکانی پێشوو باسیان لەوە كردبوو، ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەكە هەزار و 700 کەسن و بریندارانیش سێ هەزار و 400 و 300 کەسیش بێسەروشوێنن.
هەینیی رابردوو بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.7 پلە لە میانماری دا، بەڵام تایلەند و چینیشی گرتەوە، هەروەها لە هیندستان و بەنگلادیش هەستی پێكرا.