دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
دەرمانی ساختە دەناسێتەوە
تەندروستی عێراق داوای بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی “کۆدیا” دەکات
964+
محەمەد فاتیح
وەزارەتی تەندروستی عێراق داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئەپڵیکەیشنی “کۆدیا” بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دەرمانەکان.
وەزارەتەكە بڵاویكردەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئەپڵیکەیشنی “کۆدیا” بەکاربهێنن بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی دەرمانەکان و پابەندبونیان بە تایبەتمەندییەکان، بە پشکنینی ستیكەرى ئەلیکترۆنی لەسەر پاکەتی دەرمانەكان و دوورکەوتنەوە لەوانەی کە ستیكەريان نییە.
دووپاتیكردەوە، ستیكەر گەرەنتی سەلامەتی هاوڵاتیانە و بەکارهێنانی ئەپەکە هەنگاوێکی بنەڕەتیە بۆ بەدەستهێنانی دەرمانی سەلامەت و بێ ساختەکاری.
ئەمە یەكیەكە لەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی دەرمانی ساختە لەپێناو سەلامەتی نەخۆشەكان، وەك وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی پێكردوە.
ماوەیەكه لە هەرێمی كوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە كە داوا لە دەرمانخانەكان كراوە دەرمانی كوالێتی نزم بدرێت بە نەخۆشەكان ئەگەر دەرمانە سەرەكیەكە بەردەست نەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكاری پێویستى گرتەبەر.