رووداوێكی هاتوچۆ لە سلێمانی

پزیشکێکی نەخۆشخانەی سمارت گیانی لەدەست دا

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەبەردەم نەخۆشخانەی سمارت، ئۆتۆمبێل لە پزیشكێكی دا و كوشتی.

موقەدەم عومەر سدیق، ئەفسەری ئێشكگر لە هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، رووداوەكە لە دوای كاتژمێر یەكی شەوی رابردوو بوو، پزیشكێكی نەخۆشخانەی سمارت بە ناوی (ئ، س) لەدایکبووی ساڵی 1995، لە كاتی پەڕینەوە و چوونەسەر ئەركەكەی، ئۆتۆمبێلێكی جۆری مازدا لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.

وتیشی، سەرەتا پزیشكەكە بە سەختی بریندار بوو، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەكەی خۆی، لەوێ گیانی لەدەست دا.

ئاماژەی بەوەش كرد، دوای هێڵكارییەكان دەركەوتووە ئۆتۆمبێلەكە بێ ئاگابووە لە هێڵی پەڕینەوەی شەقامەكە و بەخێراییەكی زۆر بە شەقامەكەدا تێپەڕیووە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەكەی پێنەگیراوەتەوە و خۆی بەو پزیشكەدا كێشاوە.

موقەدەم عومەر سدیق وتی، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە لە شوێنی رووداوەكە دەستگیركراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا