دیمەنێكی پاشماوەی بوومەلەرزەكە، فۆتۆ: AFP
میانمار و تایلەند و چین
بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 7.7 لە رۆژهەڵاتی ئاسیای دا
964+
ژووری هەواڵ
ئەم بەیانییە بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.7 لە رۆژهەڵاتی ئاسیای دا، چەقی بوومەلەرزەكە میانمار بووە بە قوڵایی 10 كیلۆمەتر، لە چین و تایلەندیش هەستی پێكراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکی بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر ناوەڕاستی میانمار (بۆرما)ی هەژاندووە.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەكە، بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکدا ڕوویداوە کە دەکەوێتە 16 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری ساگاینگ، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر، نزیکەی کاتژمێر 9:20ی ئەم بەیانییە بە كاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
چەقی بوومەلەرزەكە بە قوڵایی 10 كیلۆمەتر شاری ماندالای بووە، كە دووەم گەورەترین شاری میانمارە.
تا ئێستا هیچ ئامار و زانیارییەكی ورد لە بارەی زیانە گیان و ماددییەكانی بوومەلەرزەكە نەگەیشتووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی بومەلەرزەزانی بێجین دانیشتوانی پارێزگای یونان لە باشووری رۆژئاوای چین هەستیان بە لەرزین کردووە کە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی بۆرمای گرتەوە.
سەنتەری تۆڕەکانی بوومەلەرزەی چینی بڵاویانکردەوە، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی چینی شینخوا بڵاویکردووەتەوە، قەبارەی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 7.9 پلە، هاوکات لە پۆستێکدا لە سۆشیال میدیا کە سەنتەرەکە بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە کە دانیشتوانی پارێزگای یونان هەستیان بە لەرزینەکە کردووە.
هەروەها ئاژانسەكانی هەواڵ دەڵێن، دانیشتوانی بانکۆکی پایتەختی تایلەندیش هەستیان بە بوومەلەرزەكە كردووە و ترساون.
هاوڵاتییەكی تایلەندی بە ناوی دوانگجای بۆ فرانس پرێس قسەی كردووە و دەڵێت، تەواوی هاوڵاتیانی باكوور و ناوەڕاستی تایلەند هەستیان بە بوومەلەرزەكە كرد.