به‌ربه‌ستى له‌به‌رده‌م رووماڵى میدیایی داناوه‌

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماده‌كارییه‌كانى خۆى بۆ رۆژانى جه‌ژن بڵاوكرده‌وه‌


فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی تەندروستی ئاماده‌كارییه‌كانى خۆى بۆ رۆژانى جه‌ژنى ره‌مه‌زان بڵاوكرده‌وه‌ و به‌دروستكردنى لیژنه‌ به‌داواداچوون له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌ ته‌نردوستییه‌كانى هه‌رێم ده‌كات و ده‌شڵێت “بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.”
لە راگەیه‌ندراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا، كە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی خۆی لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان ناردووە، بەرنامە و پلانی خۆی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رۆژانی پشووی جەژن خستووەتەڕوو و جەختیشی كردووەتەوە، كە کاری پێویست ئەنجام بدەن بە جێبەجێکردنی تەواوی رێكارەكان.
ئەمبوڵانسەكان لە ئامادەباشیدا بن و گاز و بەنزینیان دابین بکرێت. لە هەمانكاتدا بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوە بن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلەش پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوە بن.
پێویستە تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستییش بەردەوام بن لە بەدواداچوونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت و تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنرێت، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ باری لەناکاو.
ئاماژەى به‌وه‌كردووه‌، لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی، لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوە دەبن، و پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی پابەند دەبن بە دەوامی ئێشکگری.
سەبارەت بە رووماڵ و كاری میدیایی، وەزارەتی تەندروستی ده‌ڵێت “هاتنە ژوورەوەی راگەیاندن تەنیا لە رێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکانه‌وه‌ دەبێت.”
به‌پێویستیشی زانیوه‌ كه‌ ئاماری رۆژانە لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە رێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە كاتژمێر 8:00ـی بەیانی تاوه‌کو 8:00ـى به‌یانى رۆژی دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان رەوانە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ”رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ڕەوانە بکرێت.“