ژنێکی کورد بووە سەرۆکی دەستپێشخەری
“پرسی ژن لە عێراقدا پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە”
+964
دیلان محەمەد جەزا
لە بەغداد ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی بواری ژنان کۆبوونەوە و ژنێکی کوردیان کرد بە سەرۆکی دەستپێشخەرییەکەیان و دەیانەوێت ژنانی لێوەشاوە بنێرنە شوێنە گرنگەکانەوە.
کارەکە دوێنێ کرا و خانم رەحیم سەرۆکی رێکخراوی ئاسودە بە سەرۆکی دەستپێشخەرییەکە دیاریی کرا.
خانم رەحیم بە 964ی وت، “دەمانەوێت فشار بخەینە سەر هێزە سیاسییەکان، ئەو ژنانەی دەنێردرێنە پەرلەمان ژنانی بەتوانا بن و بە شێوەیەکی گونجاو رۆڵی خۆیان بگێڕن، ئاگایان لە مافەکانی ژنان و منداڵان بێت و لە حکومەتی داهاتوو ناوەندەکانی بڕیاریشدا ژنان رۆڵی خۆیان بگێڕن”.
باسی لەوەش کرد، دەستپێشخەریکە بە ناوی (ئێستا کاتی ژنانی عێراقە) و ئامانجیانە یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەدی بێت و کۆمەڵگایەک بێتە ئاراوە ژن و پیاو تێیدا هاوبەش بن و وابکەن ژنان بگەنە ناوەندەکانی بڕیار و مافە بنەڕەتییەکانیان.
خانم رەحیم پێی وایە پرسی ژن لە عێراقدا بە گشتی پاشەكشێیەكی گەورەی كردووە، بە تایبەتی لە دوو ساڵی رابردوودا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا