ته‌نیا له‌ماوه‌ى 23 رۆژى ئاگربه‌ستدا

رۆژانە لانیکەم 44 هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن تورکیاوە بۆ سه‌ر ناوچەکانی گه‌ریلا ئەنجامدراوە

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) ده‌ڵێت، ته‌نیا لە قۆناغی ئاگربەستدا، سوپای تورکیا زیاتر له‌ هه‌زار جار هێرش و بۆردومانى كردووه‌ته‌ سه‌ر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە.

هه‌په‌گه‌ كه‌ باڵى سەربازى پەکەکەیه‌ له‌ راگەیەندراوێکدا كه‌ میدیاكانى نزیك له‌ خۆیان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌ رۆژانى 22 و 23ـى ئه‌م مانگه‌ لە چه‌ندین ناوچه‌ى هەرێمه‌كانی گارە، خواكورك، مەتینا وهەرێمی شەهید دەلیل نزیكه‌ى 80 جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراون و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌وه‌ته‌ى ئاگربه‌ست راگه‌یندراوه‌ سوپاى توركیا هه‌زار و 24 جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن و فڕۆكه‌ بۆردومانى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى كردووه‌.

رۆژى 1.3.2025، پەکەکە ئاگربەستى تاکلایەنەى راگەیاند، دواى دوو رۆژ لە بانگەوازە عەبدوڵا ئۆجەلان کە داواى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکەى کرد، بەڵام تورکیا بەردەوامیدا بە هێرشەکانى.

رۆژى 14.3.2025 جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە رایگەیاندبوو، رۆژانه‌ فرۆكەی توركیا بەسەریاندا دەسوڕێتەوە و بۆردومانیان دەكات، وتیشی “بەستنی كۆنگرە لەم دۆخەدا ئەستەم و مەترسیدارە، كۆنگرە دەبەستین ئەگەر مەرجەكانمان جێبەجێ بكرێت”.