چی شوێنی دەگرێتەوە؟
یەکێک لە بەنزینخانە گرنگەکانی کەرکوک دادەخرێت
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی دروستكردنی پرۆژەی ئەندەرپاسی فولکەی ئیخوان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەو سنوورە، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک یەکێک لە بەنزینحانە حکومییەکان دادەخات، لە بەرامبەردا سێ بەنزینخانەی دیکە دەکاتەوە.
ئەندازیار عەلی محەمەد رەبیع بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتيیەکانی کەرکوک، بە 964ـی وت، “بەهۆی دەستپێکردنی پڕۆژەی ئەندەرپاسی فولکەی ئیخوان لەسەر داواکاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەنزینخانەی ئەندەلوس لە گەڕەکی رەحیماوە دادەخەین، بە شێوەیەکی کاتییش لە بەرامبەردا بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، سێ بەنزینخانەی دیکە دەکرێتەوە لە کاتژمێر 7 بەیانی تا 12شەو کراوە دەبن، هەروەها دوو بەنزینخانەی دیکە بۆ 24 کاتژمێر کراوەدەبن”.
شۆفێر ئەحمەد نەوزاد بە 964ـی وت، چەند رۆژێکە بەهۆی گواستنەوەی ئاراستە، نۆرەی وەرگرتنی بەنزین قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، پردێکی لاوەکی لە نێوان گەڕەکی تەپە و رەحیماوە دروستکردووە.
پرۆژەی ئەندرپاسی فولکەی ئیخوان چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە، دەبێت بەر لە کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا