رووداوی هاتوچۆ روویداوە

لە رێگەی باشماخ مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەسەر رێگای خێرایی پێنجوێن بۆ دەروازەی باشماخ رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان سەنی، روویدا و شۆفێری سەنییەکە گیانی لەدەستدا.

هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بۆ 964 هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و وتی، ئەمشەو 20.3.2025 رووداوەکە روویداوە و  شۆفێرەکە مێرد منداڵێک بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

تیمی هاتوچۆ چوونەتە سەر رووداوەکە، محەمەد رەحمان، رێپێدراوی هاتوچۆ لە پێنجوێن بە 964ی وت، هەردوو لایەنی رووداوەکە کوردن، دوای گیان لەدەستدانی مێرمنداڵەکە، شۆفێری بارهەڵگرەکەش لە شوێنی رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس و راگیراوە.

وتیشی، پاشماوەی بارهەڵگر و سەنیەکەیان گواستووەتەوە.

رێگای خێرای باشماخ، ماوەی نزیکەی 10مانگە کراوەتە بەرووی شۆفێراندا و تا ئێستا لە سێ رووداوی جیای هاتوچۆدا، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. دوو لەو رووداوانە پێداکێشان بووە و یەکێکیش شێلان بووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا