هۆكاره‌كانى ده‌ستكه‌وتووه‌

كشتوكاڵى گه‌رمیان به‌دواداچوون بۆ زه‌ردبوونى به‌شێك له‌ گه‌نمى چێندراو ده‌كات

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كشتوكاڵى گه‌رمیان به‌دواداچوون بۆ زه‌ردبوونى به‌شێك له‌ گه‌نمى چێندراو له‌ سنوورى دوو ناحیه‌ ده‌كات و هۆكاره‌كانیشى ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌مانه‌ گۆڕانکاری کەشوهەوایه‌.

هەردوو بەشی پاراستنی رووەک و رێنمایی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشته‌كاڵى گه‌رمیان سەردانی مەیدانیان بۆ بەشێک لە کێڵگەکانی گەنم  لەسنوری ناحیه‌كانى پێباز و مەیدان كرد و پشکنین و بەدواداچوونیان ئه‌نجامدا.

له‌ پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ جوتیاران و پشکنینی كلێڵگەکانیان و دیراسەكردنی ئه‌م حاڵەتە لە هەندێ سەرچاوه‌ی زانستیدا، هۆکارەکانیان بۆ ئاشكرا بوو له‌وانه‌ش گۆڕانکاری کەشوهەوا لە ئەمساڵدا هۆکاری سەرەکی بووه‌ بۆ زەردبوونی و زیان گەیاندن بە کێڵگەکانی گەنم .

⁠ئەو کێڵگانەی بە ووشکە وەرد داچێندرابوون زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە.

ئەو گەنمانەی لە سەرەتایی مانگی 11 داچێندرابوون و زووتر پێگەیشتبوون، زیاتر کاریگەری ئەم گۆڕانکاریەی کەشوهەوا بەدیدەکرێت لەو کێڵگانەدا و قەدی گەنمەکەش کاریگەری زیاتری لەسەر دروست بووە، کە دەبێتە زیانگەیاندن بە بەرهەمی ئەو کێڵگانە.

⁠جۆری گەنمه‌كه‌ش بۆ چاندنى هۆكارێكه‌ له‌ زه‌ردبوونى گه‌نمه‌ داچێندراوه‌كان.