هاوڵاتییەکى کورد
لە سجنى حلەیە و بەدواى کەسوکاریدا دەگەڕێت
+964
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
هاوڵاتییەکى کورد کە وەکخۆى وتویەتى خەڵکى پێنجوێنە، ماوەى ساڵ و نیوێکە لە زیندانى چاکسازى بابل مەرگەزى لە حللە دەستگیرکراوە و لە رێگەى کارمەندێکى کوردى چاکسازییەکەوە بەشێوێن کەسوکارەکەیدا دەگەڕێت.
فەهمی فەتحی کە دانیشتووى قەزاى حاجیاوایە و لە چاکسازى بابل مەرگەزى لە ناوچەى زەید بن عەلی لە حللە، کارمەندە، بە 964ـى وت،” سێ ساڵە لەوێ دەوام دەکەم و تاکە کارمەندى کوردم، تەنیا یەک کورد لەوێ زیندانییە کە خەڵکى پێنجوێنە، بەڵام هیچ رایەڵەیەکى پەیوەندى لەگەڵ کەسوکارى نییە”.
بەوتەى فەهمى، رۆژێک بەڕێوەبەرەکەى پێى وتووە، کوردێک لێرە دەستگیرکراوە و ماوەى ساڵ و نیوێکە لەوێیە و کەس نەچووە بۆ سەردانى.
بەوتەى فەهمى فەتحى، زیندانییەکە ناوى عەلى محەمەد حسێن بابانە، توشى لەبیرچوونەوە بووە، بەڵام ئەوەندەیان لێوەرگرتووە کە دانیشتووى پێنجوێنە.
وەک باسى دەکات، ئەو زیندانییە پێى وتووە، خوشکێکى لە رانیەیە بەناوى موبین محەمەد حسێن بابان کە لەگەڕەکى پشت جۆگا دادەنیشێت.
داواش دەکات، کەسوکارى لە رێگەى خۆیەوە یان پەیوەندى بە تۆڕى هەواڵى 964 بکەن بۆ ئەوەى سەرو سۆراغى ئەو زیندانییە بکەن و بە کەسوکارى شاد بێتەوە.
ئەو زیندانییە کوردە، تەمەنى 63 ساڵە و ماوەى ساڵ و نیوێکە لەوێ زیندانیکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح