بە سیناریۆ

بەنگلادیشییەک لە هەولێر خۆى رفاندووە

964+

وریا فەتاح

پۆلیسى هەولێر دەستگیرکردنى دوو هاوڵاتى بەنگلادیشى راگەیاند کە سیناریۆیەکیان داڕشتووە بەوەى یەکێک لەوان رفێنراوە.

پۆلیسى هەولێر بڵاوى کردەوە، دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە رفاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بووە.

سناریۆکە بەو شێوەیە بووە،”یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی 12 هەزار دۆلاری بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی رازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردووە کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە”.

وەک ئەوەى پۆلیس باسى دەکات، دواى تۆمارکردنى، گرتەکەى ناردووە بۆ خێزانەکەی بۆئەوەی داوا بکەن لەو کەسەی کە بەبارمتەیان گرتووە، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت.

لە گرتەڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، هاوڵاتییە بەنگلادیشییەکە بە گوریس بەستراوەتەوە و ئەشکەنجە دەدرێت، بەڵام ئەمە تەنیا سیناریۆ بووە.

پۆلیسى هەولێر دواى لێکۆڵینەوە، بۆى دەرکەوتووە کە ئەمە سیناریۆیە، بۆیە لە ئێستادا خۆی و هاوڕێکانی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.