964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمڕۆوە تا 5.4.2025 تەواوی هێزەكانیان خراونەتە ئامادەباشی، چەند رێنماییەكیشان بۆ هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاوكردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 29.3.2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی و پشووەکانی ئەم جەژنەوە لە ئەمڕۆ شەممەوە تا رۆژی 5.4.2025 سەرجەم هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پلانی جەژن.
بەرگریی شارستانیی هەرێم دەڵێت، بە پێی پلانی جەژن، سەرجەم بنکەکانی ناو شار و دەرەوی شار لە ئێشکگری تەواودا دەبن، تیمی گەڕۆک بەردەوام دەبن لە شوێنە گشتییەکانی ناو شار و بازارەکان، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی پارێزگاکان و دەستەی گەشتوگوزار، ناوچە گەشتیارییەکان تیمی گەڕۆکی لێ جێگیر دەکرێت بۆ پاراستنی گەشتیاران.
هاوكات بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند رێنماییەكی بۆ سەلامەتیی هاوڵاتیان بڵاوكردەوە، كە ئەمانەن:
1. لەکاتی ڕوودانی هەر رووداوێک سەرەتا پەیوەندی بە ژمارە (115) بکە بۆ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەزووترین کات بگەنە شوێنی رووداو .
2. ئەگەر بە مەبەستی گەشت و سەیران لەماڵ دەرچوویت باشترە هەموو ئامێرە کارەباییەکان بکوژێنرێتەوە ، چونکە لە ماوەی رابردوو زۆرترین حاڵەتی سووتانی ماڵان روویداوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
3. ناوچە گەشتیارییەکان بپارێزە و وریای پاشماوەی ئاگری چێشتلێنان بن بە تەواوی بیکوژێنەوە، کە کارت پێی نەما .
4. خەڵووزی نێرگەلە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵان و ناوچە گەشتیارییەکان، بۆیە بە وریاییەوە بەکاری بێنن.
5. بەهۆی کەمیی بارانبارین لەم ساڵ و وشکیی خاک و بوونی پووش و پەلاش، فڕێدانی جگەرە مەترسیدارە ، بۆیە کە جگەرەکەت کێشا لە جامی ئۆتۆمبیلەکەت فڕێی مەدە دەرەوە بە تایبەتی لە رێگاکانی دەرەوەی شار.
6. خاوەن هوتێل و مۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت بە تەواوی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکەن، کە پێیان دراوە، چونکە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر دەبێت، بەهۆی هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
7. شەقامەکانی دەرەوەی شار قەرەباڵغ دەبن، تکایە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل پەیڕەوی ڕێنماییەکانی برایانی پۆلیسی هاتوچۆ بن بۆ سەلامەتی خۆت و گشتی.
8. لەو ناوچانەی ئاوی لێیە تکایە مەلە مەکەن ژیانی خۆت مەخەنە مەترسییەوە.
9. دایکان و باوکان تکایە ئەگەر بە مەبەستی گەشت چوونە دەرەوە، ئاگاداری منداڵەکانتان بن لەو شوێنانەی ئاوی لێیە، با رووداوە ناخۆشەکانی ساڵانی رابردوو دووبارە نەبنەوە.
10. لەهەموو بارودۆخێکدا تکایە بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانیی ژمارە ( 115).