ئەو جێتسکییەی بۆ بەرگری شارستانی راپەڕین دابینکرا وێنە: بەرگری شارستانی راپەڕین
ئیتر کاری رزگار کردن هاوڵاتییان و دۆزینەوەی تەرم ئاسانتر دەبێت
بەرگری شارستانی راپەڕین بوو بە خاوەنی جێسکی رزگار کردن
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی ھەرێـم بەلەمێکی جێسکی رزگار کردن و کامێرایەکی ژێرئاوی بۆ بەرگری شارستانی راپەڕین دابینکرد و ئیتر کارەکانیان ئاسانتر دەبێت.
عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی دەڤەرەکەمان ئاوی زۆری لێیە و لە وەرزی ھاوین گەشتیارێکی زۆر روو لە بەنداوی سەروچاوە و یاوی دەربەند دەکەن بۆ مەلە کردن، ساڵانی پێشوو چەند ھاوڵاتییەک خنکاون و هیچ بەلەمێکی لەم شێوەیەمان نەبوو کە بتوانین لەکاتی گەڕاندا بەدوای تەرمەکان بەکاریبهێنین.
وتیشی، ئەم بەلەمە جێسکییە زۆر خێرایە و کاری غەواسەکان ئاسانتر دەکات، ئەوە جگە لەوەی کامێرای ژێرئاوەکەش زۆر یارمەتیدەرمان دەبێت لە دۆزینەوەی کەلوپەلی ونبووی هاوڵاتییان و بەهەمان شێوە تەرمیش.
باسی لەوەشکرد، سێ تاقم جلی غەواسیش بۆ بنکەی بەرگری شارستانی سەروچاوە دابینکراوە کە پێشتر پێویستییان بووە.
جێت سکی، یان بەلەمی ئاوی ئۆتۆمبێلێکی ئاوی بچووک و ماتۆڕدارە کە بە سیستەمی جێت پاڵنەر کاردەکات، بەهۆی خێرایی و چالاکی لەسەر ئاو بۆ کات بەسەربردن، پێشبڕکێ و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بەکاردێت.