تەبەقی هێلکە - وێنە: 964
لیژنە راسپێردرا
قایمقامیەتی سلێمانی هێلکەی بێ بەروار لەناو دەبات
ئەحمەد مستەفا
قایمقامیەت سلێمانی چاودێری بەرواری سەر رووی هێلکە دەکات، بڕیاری وایە هەر هێلکەیەک مێژووی دەرچوونی لەسەر نەبێت دەستی بەسەردا بگرێت و لەلایەن لیژنەیەکی راسپێردراوەوە لە ناو ببرێن.
رێژەی بەرهەمی هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ خواستی هاوڵاتیان پڕدەکاتەوە، قائیمقایەتی سلێمانیش دەڵێ، رێگری لە ساغکردنەوەی هەموو ئەو هێلکانە دەکەن کە بەرێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن و مێژووی دەرچوون و بەسەرچوونیان لەسەر نییە.
ئەو بڕیارە، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی مانگانەی لیژنەی دیاریكردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی باسی لێکراوە، کە قایمقامی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات، رۆژی یەکشەممە 16.3.2025 لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرووە، لە ئێستادا بەرهەمی هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ لە ئاستێکی بەرزدایە، خواستی هاوڵاتیان و پێداویستی بازار پردەکاتەوە.
ئەوەش بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکراوە، کە پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆ و رێگری لە زیادبوونی نرخی هێلکە دەکات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆیە بریاردراوە کە رێگری لە ساغکردنەوەی هەموو ئەو هێلکانە بکرێت کە بەرێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن و مێژووی دەرچوون و بەسەرچوونیان لەسەر نییە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، قایمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەکانی راسپاردووە، لەکاتی گەران و پشکنین لەهەر جێگەیەکدا لەو جۆرە هێلکانە بەدیکرا، دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن، رێکاری یاساییش لەگەڵ خاوەنەکەیدا بگرنەبەر.