فرۆشیارێک لە گەرمیان
“دایک هەبووە ئاڵتونەکەی بۆ جلی کوردی منداڵەکانی فرۆشتووە”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمساڵ نەورۆز و جەژنی رەمەزان کەوتوونەتە یەک مانگەوە، ئەمەش بازاڕی جلی کوردی ژنانی گەرم کردووە، دوکاندارێکیش دەڵێت، موشتەریمان ھەبووە ئاڵتونی فرۆشتوە بۆ جلی کوردی منداڵەکانی.
چۆمان محەمەد، کوتاڵفرۆشە لەناو بازاڕی کەلار بە 964ى وت،”ئەمساڵ بەھۆی ئەوەی نەورۆز و جەژنی رەمەزان نزیکن لەیەکەوە ژنان زیاتر جلی کوردی دەکڕن، یەک دەس جل دەکەن بۆ ھەردوو بۆنەکە”.
“ژنانی ئێستا زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ مۆدێلی جلی کوردی کۆنەکان و حەزیان لێیە، نرخی جلەکانیش جیاوازن لە 20 ھەزارەوە دەستپێدەکات تا 250 ھەزار، ھەمووشی موشتەری تایبەتی خۆی ھەیە”،چۆمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”دۆخی موچە کاریگەری زۆری کردۆتە سەر بازاڕ و ھاوڵاتیان، ژن ھاتووە بۆلامان وتویەتی، خاترم بگرن ئاڵتونی ماڵەوەم فرۆشتوە بۆئەوەی جلی کوردی بۆ منداڵەکانم بسێنم”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا