حاسڵاتى ئەمڕۆ
وەزیری بەرگری تورکیا: هیچ مەرجێک قبوڵ ناکەین دەبێت چەک دابنێن
+964
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ جگە لە هەرێمی کوردستان لە باکوورو رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان یادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە، خەڵکی ئەو پارچانە بە وەستان بە بێدەنگی و چاندنی نەمام یادەکەیان کردەوە.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری )کەجەکە( رایگەیاند: سەرکەوتنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گرێدراوە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە، بڕیاری ئێمە روونە، جگە لە ئۆجەلان هیچ کەسی تر ناتوانێت کۆنگرە بەڕێوەببات، چونکە هەر خۆی بزونتەوەکەی دامەزراندووەو پەرەی پێداوە.
جارێکی تر یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند: هیچ رێگایەکی تر قبوڵ ناکەن جگە لەوەی پەکەکە و هێزەکانی سەر بەپەکەکە بێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان دابنێن.
مەحمود نەبویان ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێت: لە دوای رووداوەکانی سوریاوە زۆر شت گۆڕاون، ئەگەر بزانین سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ سیستەمی ئێران لاواز دەکات، ئەوا جێبەجێکردنی یاساکە پووچەڵ دەبێتەوە.
کەناڵی CNN بڵاویکردەوە: بەنزیکەیی نیو ملیۆن کەس لە کوردانی سوریا رەگەزنامەیان نییەو ئەمەش دەبێتە کێشە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا، بەتایبەتی کە لە راگەیەندراوە دەستوورییەکەشدا کورد وەک نەتەوەی سەرەکی نەناسێندراوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: دەبێ باشووری سوریا بەتەواوی لە چەک دابماڵرێت و دەشڵێت هەموو ئەو ناوچانەی سوپای ئیسرائیل دوای کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد دەستی بەسەردا گرتوون، تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێننەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سوریا ڤیدیۆیەک بە چڕی بڵاوبووەتەوە کە گوایە ساتی کوژرانی (میقداد فتێحە)ی فەرماندەی لیوای قەڵغانی کەنارەوەکانی سوریایە، ئەو هێزەی پێیان دەوترێت پاشماوەکانی ئەسەد، بەڵام میدیا جیهانییەکان دەڵێن ئەو ڤیدیۆیە کۆنەو میقداد نەکوژراوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاتر لە سێ مانگە رووبەڕووی هێرشێکی توندی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بووینەتەوەو تورکیا ئامادە نییە شەڕ رابگرێت.