زاخۆ
جوتیارانى گوندى چەمسیرمۆ دژى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنان گردبوونەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەشێک لە جوتیاران و دانیشتوانى گوندى چەمسیرمۆ دژى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنان گردبوونەوە و دەڵێن کۆمپانیا رێگەیان پێنادات زەوییەکانیان بکێڵن، نوێنەرى یاسایى کۆمپانیاکەش دەڵێت، زەوییەکەن موڵکى کۆمپانیان و پێشتر ئەو جوتیارانە قەرەبوو کراونەتەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 16.3.2025، بەشێک لە جوتیاران و دانیشتوانى گوندى چەمسیرمۆى سنوورى ئیدارەى زاخۆ کە وەک خۆیان دەڵێن ژمارەیان 105 سەرۆک خێزانن، دژی پرۆژەیەکی وەبەرهێنان گردبوونەوە.
گردبوونەوەى ئەو جوتیارانە بۆ ئەوەیە کە دەڵێن، کۆمپانیا رێگریان لیدەکات زەوییەکانیان بکێڵن و کار لە زەوییەکانیاندا بکەن.
تاهیر خەلیل، جوتیار و دانیشتوی گوندەکە بە 964ـى وت،” کۆمپانیا رێگەمان لێدەگرێت لەسەر زەوییەکانمان کار بکەین، لە ماوەى رابردوو لە زۆر دەرگەماندا بۆ ئەوەى کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام کەس بەدەممانەوە نەهات، ئێستاش هیوادارین گوێمان لێبگیرێت و نەگات بەوەى بە عەشایەرى چارەسەرى بکەین”.
کێشەکە ئەوەیە، لە ساڵى 2021 وەبەرهێنەرێک، مۆڵەتى دروستکردنى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوونى لەسەرە ئەو زەویانە وەرگرتووە و بە قسەى کۆمپانیا بێت هەر ئەوکات جوتیار و خاوەن زەوییەکان قەرەبوویان پێدراوە و موڵکەکان بوونە موڵکى کۆمپانیا، جوتیارانیش تا ئێرە کێشەیان نییە، بەڵام وەک باسى دەکەن لە قۆناغى دووەم کۆمپانیا پڕۆژەکەى فراوان کردووە و زیادەڕۆیى کردووەتە سەر زەوییەکانیان.
964 کێشەکەى بردە بەردەم ئیدارەى پڕۆژەى دریم سیتى، سەعید نوسرەت پارێزەری پڕۆژکە بە 964ـى وت،”هەموو هەنگاوەکانمان یاساییە، ئەوان زیادەڕۆییان کردووەتە سەر زەوییەکانى ئێمە، ئێمەش سکاڵامان تۆمار کردووە با دادگا سەروەربێت و بڕیارەکەى هەرچییەک بێت ئێمە پێى رازین”.
گوندی چەمسیرمۆ لەرۆژهەلاتەوە نزیکەی سێ کیلومەتر لەسەنتەری شارى زاخۆ دوورە، دەکەوێتە سەر لێواری خابور و لەم دوواییانەدا خەڵکێکی زۆر روویان لەو گوندە و دەوروبەری کردووە بۆ ژیان و دروستکردنى خانوو و ڤێللا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح