كۆیە ڕووبەڕووی ماددەی هۆشبەر دەبێتەوە

میدیازان – كارزان جەرجیس – كۆیە

 هەزارو ٦٠٠ قوتابی ١٧ قوتابخانەی سنووری کۆیە بەشداری هەڵمەتێکی هۆشیاری رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر بوون.

 هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیاری رووبەرووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە قوتابخانەکانی کۆیە دەستی پێکردووە، تا ئێستا سەردانی ١٦ قوتابخانە کراوە.

“هەزارو ٦٠٠ قوتابی ١٧ قوتابخانە سوودیان لێ بینیوە”

یونس محەمەد، لێپرسراوی رێكخراوی گەشەی لاوان بە میدیازانی راگەیاند، مانگێكە هەڵمەتی هۆشیاری لاوان و قوتابیان بەرانبەر ماددە زیانبەخشەكان لە ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەی قەزای كۆیە دەستی پێكردووە، تائێستا سەردانی ١٧ قوتابخانە کراوەو هەزارو ٦٠٠ قوتابی سوودیان لێ وەرگرتووە.

ئەو هەڵمەتە لەکاتێکدایە مادەی هۆشبەر لە کوردستان بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوەو، رۆژانە ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر گرتنی بەکارهێنەران و بازرگانان بڵاودەکاتەوە.

محەمەد ناسر، یەکێک لە راهێنەرانەو لەبارەی هەڵمەتەکە دەڵێ، گرنگیەكەی لەوەدایە ژێرخانێكی تەندروست بۆ منداڵان و هەرزەكاران دروست بكرێت تاوەکو خۆیان بپارێزن لە ماددەی هۆشبەرو زیانبەخشەكان.

 حەڤدەهەمین هەڵمەتەکە لە ناوەندی مەندیلانی کچان بوو لە کۆیە، تابلۆ سەربەست عومەر، خوێندکارێکی بەشدارەو دەڵێ، ئەوجۆرە سیمینارانە سوودی زۆرە، بەلام “باشترە لە دەرەوەی قوتابخانەکانیش بکرێت، چونكە ماددە زیانبەخشەكان لە زۆر شوێن بەربڵاوەو لەڕێی تۆڕە كۆمەڵاتییەكانیش بە ئاسانی دەستت دەكەوێت”.

مامۆستا شەهلا عەلی هەمزە، بەڕێوەبەری ناوەندی مەندیلانی كچان دەڵێ، هۆشیاركردنەوەی قوتابیان زۆر گرنگە، دەشتوانن ئەو ڕێنماییانە لێرە وەریدەگرن لە دەرەوەی قوتابخانەو لەناو كەسوكارەكانیان سوودی لێببینن.