تەرمی دوو ژن و 17 منداڵی کوڕ و کچن

گۆڕێکی بە کۆمەڵی هەڵەبجە لەناو دڵی باخێکی هەوراماندایە

964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە نێو دڵی باخەکەی حاجی ئەحمەد، گازە نەگریسەکە گۆڕێکی بۆ دوو خانەوادەی شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە دروستکردووە، ژمارەیان 19 کەسە و لە بنەماڵەی شەمێرانەییەکانی شارەکەن.

لە دەوروبەری قەزای خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، زەوییەک هەیە کە پێشتر بۆ کاری کشتوکاڵی بەکارهێنراوە، بەڵام کاتێک حاجی ئەحمەد جوتیار دەزانێ تەرمی ژمارەیەک شەهیدی کیمیابارانی تێدایە، سنوور گۆڕەکان دەپارێزێ و داوا دەکات لەناو باخەکەی لانەبرێن.

لەو گۆڕەدا، تەرمی دوو ژن و 17 منداڵی کوڕ و کچ هەن، ئەوان رۆژی 19.3.1980 ویستوویانە لە ناحیەی سیروانەوە بە رێگەیەکی پارێزراو گوندی رۆستەم بەگ بۆ ئەحمەد ئاوا ببڕن، بەڵام گازی کیمیایی پێکەوە رۆحی کێشاون و خەڵک لەوێ بە خاکیان سپاردوون.

عەدنان عەزیز، تاکە رزگاربووی خانەوادەکەیە ئەو کە لە ڤیتییەکی 964 بەشداری کردووە، هێشتا دڵگەرمی بۆ دایک و خوشک و براکانی یادەوەری ئەو رۆژانەی بیر نەبردووەتەوە، گەرچی خۆی لە سلێمانی دەژی، بەڵام پێی لە سەردانی گۆڕە بە ناحەق شەهیدکراوەکانی نەبڕیوە.

بەهۆی بەرکەوتنی ئەو شەهیدانە بە گازی کیمیایی تائێستا هیچ تیم و لایەنێکی میری بە فەڕمی نایەوێ خۆی لە پڕۆسەکە بدات، جارێک هەوڵێکی وا دراوە بەڵام ئەندامانی تیمەکە توشی نەخۆشی بوون.

هەر ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە نییە، بەڵکو کارەساتەکە خاوەنی 63 گۆڕی دیکەی هاوشێوە کە لە هەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەن.

ئەوەی چیرۆکی ئەم گۆڕەی جیاواز کردووە، جگە لە تەرمی خانەوادەی عەدنان و خانەوادەی ئامۆزاییەکی باوکی، شەهیدبوونی دوو کەسی دیکە بووە، کە وەک رێنیشاندەر ئەو رۆژە لەگەڵ دوو خێزانەکە بوون و لەوێ بەخاکسپێردراون، بەڵام دواتر رووفاتەکانیان گوازراوەتەوە.

هەڵەبجە و دەوروبەری 37 ساڵ پێش ئێستا و لە 16.3.1980 بە چەند کاتێکی جیاواز لە رێگەی فڕۆکەوە کیمیاباران کرا، جگە لە شەهیدبوونی مەزەندەکراوی پێنج هەزار کەس و سەدان بریندار، هێشتا کەسانێک هەن چارەنووس نادیارن، یان تەرمەکانیان دوور لە شارەکە بە چارەنووس نادیاری ماوەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گه‌وره‌ترین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵى ئێزدییه‌كان له‌ سنوور...

گه‌وره‌ترین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵى ئێزدییه‌كان له‌ سنوورى نه‌ینه‌وا هه‌ڵده‌درێته‌وه‌