لە هەولێر

هەڵمەتێکی دارچاندن بەڕێوەچوو

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەولێر، هەڵمەتێکی فراوانی دار چاندنی لە رێگەی سەرەکی هەولێر – پیرمام ئەنجام دا.

لە درێژەی هەڵمەتەكانی زیادكردنی سەوزایی لە هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 14.3.2025 هەڵمەتێكی دارچاندن لە رێگەی سەرەكیی هەولێر – پیرمام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەولێر ئەنجامدرا.

لە هەڵمەتەكەدا پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا عەلی رەشید و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوە كردووە، هەڵمەتەكە لە ساڵیادی لەدایكبوونی مەلامستەفای بارزانی ئەنجامدرا و بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزاییە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

پێشتر رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بە 964ی راگەیاندبوو، كە لە 14.3 هەڵمەتێكی گەورە بۆ چاندنی دار و نەمام دەستپێدەكەن، بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی.

لەم چەند ساڵەی دواییدا ژینگەی شاری هەولێر بە تەواوی پیس بووە، ئەویش بەهۆی پاڵاوگە نەوتییەكانی دەوروبەری شار و بوونی ژمارەیەكی زۆری مۆلیدە و ئۆتۆمبێل لە سەنتەری شاردا، لە بەرامبەردا فەرمانگەكانی ژینگە و پارك و باخچەكان بەردەوام كار لەسەر پاككردنەوەی ژینگە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی دەكەن، كە ئێستا بەپێی لێدوانی پێشتری لایەنەكانی ژینگەپارێزی، رێژەی سەوزایی لە هەولێر 20%ی تێپەڕاندووە، بەڵام ئەوان ئامانجیان وایە بیگەننە 30%.