رێگەیەکى جیاوازە
بانکى شارەزوور بە دانانى سندوقێک کۆتایى بە نۆرەبڕى دەهێنێت
964+
بڕوا مەجید_ شارەزوور
لەگەڵ دابەشکردنى موچە، لەبەردەم بانکەکان نۆرە دەبەسترێت و ریز درێژدەبێتەوە و موچەخۆران و خانەنشینان توشى ئاستەنگى دەبن و زۆرجار نۆرەبڕى تێدەکەوێت، بەڵام بانکى شارەزوور بە رێگەیەکى ئاسان کۆتایى بە نۆرەبڕى دەهێنێت.
بانکەکەکە لە دیوارى دەرەوەى چەند سندوقێکى داناوە و هەر بەشەى بە جیا داناوە، خانەنشینان سندوقێک و خاوەن پێداویستى تایبەت سندوقێک، هەر کەس دەچێت ناسنامەکەى خۆى دەخاتە سنودقەکە و نۆرەکەى دیارى دەکرێت و پێویست ناکات لە ریزدا بوەستێت.
لەبارەى بیرۆکەکە هەرێم حەمە ساڵح، بەڕێوبەری بانکی شارەزوور بە 964ـى وت،” ئێمە لەبانکی شارەزوور ئەوەی لەتوانماندا هەبوبێت بۆخزمەتکردنی موچە خۆران کردوومانە، بەزستان ئاگرمان بۆکردوونەتەوە بۆخۆگەرمکردنەوە و بەهاوینیش فێنکەرەوە و سێبەرمان بۆداناون، سەراڕای ئەوەش ئێمە لەڕێگەی دانانی سندووقەوە رێگری دەکەین لەنۆرەبڕی”.
“ئەم سندووقانە لەکاتی دابەشکردنی موچە لەکاتژمێر 6ـى بەیانیەوە دادەنرێت، هەر هاوڵاتیەک زوتربێت ناسنامەکەى لە سەرەوەدەکاتە دەکاتە ناو سندووقەکانەوە کە بۆ بەشەکەی دیاری کراوەو نۆرەى خۆى دەگرێت”، بەڕێوەبەرى بانکى شارەزوور واى وت.
وەک باسى دەکات، بە دانانى ئەم سندوقانە کارئاسانى زۆر بۆ خانەنشینان و موچەخۆران و کەمئەندامان کراوە بۆ ئەوەى نۆرەبڕى نەکرێت و لە ریزدا نەوەستن و توشى ئاستەنگى نەبن، موچەخۆریش بەپێى ئەوە دەزانێت چ کات نۆرەى وەرگرتنى موچەکەى دێت و بۆیە لە کاتى خۆیدا دێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح