رووداوى هاتوچۆ لە هەڵەبجە
دوو گەنج گیانیان لەدەستدا؛ زانیارى نوێ لەسەر رووداوەکەى پارشێو
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
دواى ئەوەى بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتى پارشێودا رووداوێکى هاتوچۆ لە نێوان پێنج ئۆتۆمبێل لە هەڵەبجە روویدا، دوو گەنجى تەمەن 24 ساڵ گیانیان لەدەستدا و چوار کەسى تریش بریندار بوون.
رووداوەکە دواى کاتژمێر 1:30 خولەکى بەرەبەیان لە نێوان پێنج ئۆتۆمبیل سەر رێگای حەمەوغان روویداوە.
لە حەمەوخانی هەڵەبجە رووداوی هاتوچۆ بووە؛ "دوو کەس مردن"
ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە بە 964ـى وت:”پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە لە بنکەی شەھید سەرکار کراوەتەوە، تائێستا ھۆکاری رووداوەکە نەزانراوە، و کامێراکانی رێگەکەش دەبێت ئاسایش وێنەکانیان ھەڵگرێتەوە، ھەتا ھۆکاری رووداوەکە دەرکەوێت کە ئەمەش چەند رۆژێکی پێدەچێت”.
بە وتەی کارمەندێکی ئێشکگری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە کە ئاگاداری رووداوەکە بووە، لەبەر سەختی برینەکانیان ھەر چوار بریندارەکە ھەر شەو گوازراونەتەوە بۆ سلێمانی، و لە ئێستادا لە سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە کاتى خۆیدا 964 هەواڵى رووداوەکەى بڵاوکردەوە، بەڵام بەیانى زوو جارێکى دیکە سۆراغى رووداوەکەى و ژمارەى گیانلەدەستدان و بریندارانى رووداوەکەى کردەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح