گوندى ئاروزەر

فریانەکەوتن بەربانگ بکەنەوە مزگەوتەکەیان سووتا

964+

وریا فەتاح

ئێوارەى ئەمڕۆ پێش بەربانگ، مزگەوتى گوندى ئاروزەر بەهۆى شۆرتى کارەبا سووتا و دانیشتوانى گوندەکە فریانەکەوتن بەربانگ بکەنەوە و نوێژى ئێوارەى تێدا ئەنجام بدەن.

ئاروزەر، گوندێکە کەوتووەتە سنوورى ناحیەى ناڵپارێز لە قەزاى پێنجوێنى سەر بە سلێمانى.

مەسعود ئاروزەرى، دانیشتوى گوندى ئاروزەر بە 964ـى وت،”وەک هەر رۆژێکى ئاسایى نوێژى عەسر لە مزگەوتەکە ئەنجامدرا، بەڵام ئێوارە پێش رۆژوو شکاندن، مزگەوتەکە سووتا”.

وەک باسى دەکات، بەهۆى شۆرتى کارەباوە مزگەوتەکە سووتاوە، بەڵام زیانى گیانى نەبووە.

بەوتەى ئەو دانیشتووەى گوندى ئاروزەر، مزگەوتەکە بەتەواوەتى سووتاوە، تەنیا هەیکەل ماوەتەوە، چونکە شۆرتەکە لە ژوورەوە روویداوە.

“پار فەڕشێکمان بە دوو هەزار دۆلار کڕیبوو، ئەویش سووتا، سپلێت و هەموو ئەو جیهاز و پلاکانەى هەبوون بە سەقفى مزگەوتەکەشەوە هەمووى سووتاوە و دەبێت سەرلەبەر نۆژەن بکرێتەوە”، مەسعود ئاروزەرى واى وت.

لە مزگەوتێکی هەولێر دوای نوێژی تەراویح خەڵات دەبەخشن

لە مزگەوتێکی هەولێر دوای نوێژی تەراویح خەڵات دەبەخشن