کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بەردەوامە
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاشكرای دەكات
كێ لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر سوودمەند دەبێت؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ناوی ئەو گەڕەک و شوێنانەی بڵاوكردەوە، كە لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لیستێكی بڵاوكردووەتەوە و ناوی زیاتر لە 120 گەڕەک و گوند و سیتی و شوێنی نیشتەجێبوونی بڵاوكردووەتەوە، كە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆ لە هێڵە لاوەکییەکان و بەستنەوەى بە هێڵە سەرەکییەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاو بۆ ناو شارى هەولێر کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، کە درێژییەكەی (411) كیلۆمەترە بە تیرەی جیاجیا و دەبێتە تەواوكەری پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر .
رۆژی 20.2.2025 لە لایەن وەزیری شارەوانیی هەرێم ساسان عەونی، بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، دانرا .
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا هەر ئەوكات فەرمانی كرد لەگەڵ گەیشتنی ئاو بە ناو شاری هەولێردا، پێویستە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەزوویی ئاوی پرۆژەكە بگاتە ماڵان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەڵێت، پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ناوخۆی ئاو بۆ گەڕەكەكانی هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن كۆمپانیای كەیوەنەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەكە هەموو گەڕەكەكانی سنوورەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە هەزار بیری ئاویش دادەخرێن.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، ژمارەی ئەو ماڵانەی لێی سوودمەند دەبن 248 هەزار ماڵن، واتە هاوبەشی ئاو لەو پرۆژەیەدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاشكرایان كردووە، پڕۆژەكە لە لایەن ئەوانە دیزاین كراوە و سەرپەرشتی جێبەجێکردنیشی دەکرێت.
خشتەی ئەو شوێنانەی لە پڕۆژەكە لە سنووری شارەوانییەكانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر لێی سوودمەند دەبن.