لەکاتى پشکنین بۆ ئاوى کەلار لەلایەن تیمەکانى کۆنتڕۆڵى جۆرى لە ئاوى کەلار...وێنە: 964
لە پشکنین دەرچوو
دانیشتوانى کەلار بێ خەمبن؛ ئاوى خواردنەوەتان پاک دەرچوو
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
دواى ئەوەى دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئاوى خواردنەوەى گەڕەکێکى کەلار پاک نییە و ئێسک تێکەڵى ئاوى خواردنەوەیان بووە، پشکنینى بۆکرا و ئەنجامیش ئەوەبوو کە ئاوەکە پاکە و بێکێشەیە.
دوێنێ ھەینی 7.3.2025 لیژنەیەکی کۆنترۆڵی جۆری لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلار، سەردانی گەڕەکی راپەڕینیان کرد و سامپڵی ئاویان لە چەند ماڵێکی گەڕەکەکە وەرگرت بۆ پشکنین، ئەمڕۆ ئەنجامەکان دەرچوون ئاوەکەیان پاکە.
رۆژی پێنج شەممە 6.3.2025 وابڵاوکرایەوە کە ماڵێک لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە قەزای کەلار، لەکاتی ھاتنی ئاو دوو پارچە ئێسک لە بۆری ئاوەکەیان ھاتووە، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لەناو ھاوڵاتیان.
ساڵح سلێمان، لێپرسراوی ھۆبەی کۆنترۆڵی جۆری بە 964ـى وت،”دوێنێ سامپڵى ئاومان لە تانکی سەربان و بۆری ئاوی ئەو ماڵە وەرگرت کە دەوترا ئێسک لە بۆری ئاوەکەیان دەرچووە، لەگەڵ چوار ماڵی دیکەی گەڕەکەکە”.
“ئەمڕۆ شەممە دوای 24 کاتژمێر، ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوون و ئاوی ئەو گەڕەکە ھیچ گرفتێکی نییە و شیاوە بۆ خواردنەوە، دڵنیایی دەدەین بە ھاوڵاتیانیش کە ئاوی کەلار خاوێنە و ھیچ گرفتێکی نییە بۆ بەکارھێنان”، ساڵح سلێمان وای وت.
لەبارەی دەرکەوتنی ئەو ئێسکانە، سامان رەحیم بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ـى وت،”ئەو ماڵە بە شێوەیەکی نادروست ئاویان راکێشاوە، لەبری بۆری بە سۆندە ئاویان راکێشاوە”.
وتیشی،”لیژنەکانی زیادەڕۆیی دەڕۆن سەردانی ماڵەکە دەکەن و دەبێت ئیشتراکێکی دیکە بکەن و بە بۆری ئاو رابکێشن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح