نەکەن توێکڵى لیمۆ و ئاو تێکەڵ بکەن

ئەوەى بە چارەسەرمان دەزانى، دەرد دەرچوو

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە، لە نێو خەڵکى خۆماندا واباوە کە تێکەڵکردنى ئاو و توێکڵى لیمۆ بۆ دابەزاندنى پەستانى خوێن و تواندنەوە و دابەزاندنى چەورى زیادەى لەش و دابەزاندنى زەخت بەسوودە، بۆیە رەنگە  لە زۆرینەى ماڵەکان رۆژانە لەناو بەفرگرەکانیاندا تێکەڵەى توێکڵى لیمۆ و ئاو هەبێت، بەڵام توێژینەوەیەکى نوێ مەترسییەکانى ئەو رۆتینە دەخاتەڕوو.

ئاوات عەلى، کاندیدی دکتۆرا لە زانستی کیمیا لە زانکۆى ستۆکهۆڵم، بڵاوى کردەوە کە لەگەڵ خوێندکارەکانى لە بەشی کیمیاى زانکۆى ستۆکهۆڵم توێژینەوەیەکیان لەسەر چۆنێتی گواستنەوەی مادە زیانبەخشەکانی نێو توێکڵی لیمۆ کردووە، ئەنجامەکانیش ئەوە بوون کە مادە شێرپەنجەییەکان لە رێگەى توێکڵى لیمۆى قاشکراوەوە تێکەڵى ئەو ئاوە دەبێت کە بە رێگەى توێکڵى لیمۆوە بۆ خواردنەوە خۆشدەکریت.

چی بەسەر ژەهری ناو توێکڵی لیمۆکەدا دێت؟

ئاوات عەلى بە 964ـى وت،” پاش چەند هەفتەیەک کارکردن لەگەڵ گروپێک لەخوێندکارەکانم لە بەشی کیمیا لەزانکۆی ستهۆکهۆڵم، بۆمان ئاشکرابوو کە نزیکەی بڕى 20%ـى ئەو مێرووکوژانەی لەنێو توێکڵی لیمۆدان، دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاو کاتێک قاشی لیمۆ دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە”.

وەک باسى دەکات، ئیمازەلیل یەکێکە لەباوترین مێرووکوژەکان کە لە کشتوکاڵی بەرهەمهێنانی مزرەمەنییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە لیمۆشدا زۆرینەی لە توێکڵەکەیدا دەمێنێتەوەو بەشێکی زۆر کەمی دەگاتە نێو لیمۆکە، واتە ئەم مادە زیانبەخشە بە سروشتی لە لیمۆکەدا نییە، یان لەو لیمۆیانەدا نییە کە لەنێو باخی ماڵاندایە و مێروو کوژ بەکارناهێنن، ئەم مێرووکوژانە لە کێڵگە گەورەکاندا بەکاردەهێنرێت”.

ئەوان لە تاقیکردنەوەکانیاندا ئەو لیمۆیانەیان بەکارهێناوە کە لە بازاڕەکانى ئەورووپادا دەفرۆشرێن و پێش ئەوەی لیمۆکە قاش بکەن و بیخەینە نێو ئاوی خواردنەوەوەو بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بەجێی بهێڵین، دوو رێگایان بەکارهێناوە.

یەکەم: 250 گرام لیمۆیان بە ئاوى بەلوعە شۆردووەتەوە.

دووەم: 250 گرام لیمۆی تریان بە ئاو و زاهى قاپشۆردن شۆردووە.

بە گرتنەبەرى ئەو رێگەیە، ئەوان دوو گروپ لە لیمۆیان دەستکەوت، بۆ یەکەمیان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە لەو لیمۆیەی کە تەنها بە ئاو شۆراوەتەوە نزیکەی دوو میلیگرام لە مێرووکوژ چووەتە ناو ئاوەکە، بەڵام لەو لیمۆیەی کە بەزاهی قاپشتن شۆراوەتەوە پێش بەکارهێنانی نزیکەی یەک میلیگرام لە مێرووکوژ چووەتە ئاوەکەوە کە زۆینەی ئەم بڕانە ئیمازەلیل بوون کە مادەیەکی ژەهراویی شێرپەنجەییە.

توێژینەوەکە گەیشتووە بەوەى، ئەم بڕە لەمێرووکوژ کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت، بەتایبەت لە شوێنی جیم و ریستۆرانتەکان کە بڕێکی زۆر لیمۆ لەنێو ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنن و ماوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە و ڕۆژانەش میوانان دووبارە و دەبارە لێی دەخۆنەوەو ئەم ژەهرە لەجەستەیاندا کەڵەکە دەبێت.

توێژینەوەکە وەڵامى زۆر پرسیارى داوەتەوە، بەتایبەت ئەوەى کە ئەم مادانە شێرپەنجەییانە بە سروشتی لە لیمۆ و مزرەمەنییەکاندا نییە، ئەو کەسانەشى حەزیان لە تێکەڵکردنى ئاو و لیمۆیە، توێژینەوەکە ئامۆژگارییان دەکات، توێکڵەکە لێبکەنەوە و قاشی لیمۆ بێ توێکڵ بەکاربهێنن، لەم حاڵەتەدا مەترسی ژەهرەکە نامێنێت.

لە وەڵامى پرسیارى ئەوەى ئایا بەکارهێنانی لیمۆ بە توێکڵەوە بۆ نێو چا ش هەمان شتە؟، ئەنجامى توێژینەوەکە گەیشتووە بەوەى کە تێکەڵکردنى توێکڵى لیمۆ بۆ ناو چا، مەترسیدارترە، چونکە توانەوە بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زیاد دەکات، بەم پێیەش ئەو مێرووکوژانە زوتر و زیاتر دەچنە نێو چایەکەوە بە بەراورد بە ئاوی ساردی خواردنەوە.