لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئاو

له‌ به‌غدا بڕیار له‌سه‌ر دروستكردنى به‌نداوى نوێ و چاككردنه‌وه‌ى به‌نداوه‌ كۆنه‌كانى هه‌رێم دراوه‌

964+

فەرهاد حەسەن

ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئاو له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و بڕیاری له‌باره‌ى دروستكردنى چه‌ند به‌نداوێكی نوێ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌نداوانه‌ى له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌نه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمیش به‌شدار بوو.

به‌پێی ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دراوه‌، دروستكردنى چوار به‌نداوى ستراتیژى نوێیه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌وانیش به‌نداوه‌كانى باکرمان له‌ دهۆك، مەنداوە و تەقتەق له‌ هه‌ولێر و به‌نداوى ، دەڵگەش له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌، بڕیاردرا کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دیراسەی بکات و تەوسیاتی کۆتایی پێشکەش بەم لیژنە باڵایە بکات بۆ مەبەستی بڕیاردان.

بڕیاریش دراوه‌ به‌ راسپاردنى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى به‌نداوه‌كانى عێراق، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام چاودێری به‌نداوه‌ گه‌وره‌كانى وه‌كو موسڵ، ده‌ربه‌ندیخان، دهۆك و دوكان بكات به‌مه‌به‌ستى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و سه‌لامه‌تى ئه‌م به‌نداوانه‌.

ساڵى پار، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدابوو، كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان لە ماوەی دوو ساڵدا سێ به‌نداو له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنەی هونەرییان دەستیكردووە بە دیزاینكردنی چەند بەنداوێك لەوانەش بەنداوه‌كانی تەقتەق، ده‌ڵگە و مەنداوە.

سه‌باره‌ت به‌ به‌نداوى باكرمانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو كه‌ حكومەتی هەرێم بەرپرسە لە دروستكردنی ئه‌م بەنداوه‌ و لەگەڵ لایەنی عێراق لە گفتوگۆدان، بۆ دیاریكردنی قەبارەی دەریاچەی سەر بەنداوەكە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، بەنداوەكان لەسەر زێی گەورە و بچووك دروستدەكرێن و ئامانج لێیان، گلدانەوەی ئاوی زیاتر و بەكارهێنانەوەیەتی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.