دیمەنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ _ وێنە: 964
بۆ هەرێمی کوردستان
بە بەهای ملیۆنێک و 170 هەزار دۆلار کاڵا لە سنەوە هاوردەکراوە
ژووری هەواڵ
لە 2024دا یەک ملیۆن 403 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 756 ملیۆن دۆلار لە دەروازە سنوورییەکانی پاریزگای سنەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە، سەرپەرشتیاری دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە دەڵێت، 98%ـی هەناردەیان بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق بووە.
فەرامەرز ئومێدی، سەرپەرشتیاری دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە بە میدیای ئێرانی راگەیاند، کاڵا هەناردەکراوەکان ئامێری تراکتۆر، سەوزە و میوە، ساردەمەنی، کتێب و لولەی پلاستیکی بوون. ئاماژەى بەوەشکردووە، وڵاتانی رووسیا، ئەفغانستان، تورکیا، سووریا و ئۆزبەکستان لە لیستی ئەو وڵاتانەن لە داهاتوودا هەناردەیان بۆ زیاد دەکەن.
ئومێدى، باسیلەوەشکردووە، لە هەمان ماوەدا 347 هەزار و 108 تۆن کاڵا بە بەهای ملیۆنێک و 170 هەزار دۆلار لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەی ئێران کراون، بەراورد بە ساڵی 2023 لەرووی کێش 235% لە رووی بەهاوە 85% زیادیکردووە.
کاڵا هاوردەکراوەکان زێڕ، شوشی ئەلەمنیۆم، ئامێرەکانی ئۆتۆمبێل، کەرەستەی خاو، یەکە پیشەسازییەکانن لە وڵاتانی عێراق، تورکیا، چین، ئیتالیا، عومان و سووریا چەند وڵاتێکی دیکەوە هاوردەکراوە.
دەروازەی سنووری باشماخ لە شارۆچکەی مەریوان و سەیرانبەن لە بانە بە دوو لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنە لەگەڵ هەرێمى کوردستان دادەنرێن، جگە لەوەی ساڵانە هەزاران گەشتیار هاتوچۆیان لێوە دەکەن.