لە کۆیە
بڕیاری قەدەغەی فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقام وەک خۆی جێبەجێناکرێت
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
زیاتر لە مانگێکە قایمقامیەتی کۆیە فرۆشتنی بەنزینی لەسەر شەقام قەدەغە کردووە، بەڵام بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێناکرێت و هێشتا دەبەی بەنزین لەسەر بەشێک لە شەقامەکانی قەزاکە دەبینرێت دانراون بۆ فرۆشتن.
بڕیارەکەی قایمقامیەتی کۆیە لەدوای ئاگرکەوتنەوەکەی مانگی رابردوو دێت کە بەهۆی بەنزینفرۆشێکی سەر شەقام کەوتەوە و بووەهۆی سوتانی مارکێتێک، قایمقامیەت دەڵێت، بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە، بە 964ی وت، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە فرۆشتنە، رۆژانە بەشێک لەو بەنزینفرۆشانە دەستگیردەکرێت و رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کارەبێت کە مەترسی بۆ سەر گیان و ماڵی هاوڵاتیان دروست دەکات.
وتیشی، “بڕیارەکە لە بەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتییاندایە هیچ دژایەتییەکمان لەگەڵ هیچ جۆرە کاسبییەکی خەڵکی ئەو شارە نییە، بەڵام کە مەترسی دروست کرد ناچارین رێگەی لێبگرین”.
یەکێک لەو بەنزینفرۆشانەی کە لە یەکێک لە شەقامەکانی کۆیەدا بەنزین دەفرۆشێت، نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە 964ی وت، ئێمە کاسبی خۆمان دەکەین رزقەکەمان لەسەر ئەو بەنزین فرۆشتنەیە و هیچ کارێکی ترمان نییە، هیوادارم حکومەت بتوانێت رێکارێکمان بۆ دانێت تاوەکو بە بێ کێشە بەنزینەکەمان بفرۆشین و هیچ زیانێکمان بۆ کەس نییە.
هاوڵاتییەکی زۆر بۆ پڕکردنی تانکی ئۆتۆمبێلەکەنیان، بەنزین لەو بەنزینفرۆشانە دەکڕن کە لەسەر شەقامەکان دەیفرۆشن، گوایە ئەو بەنزینە هی رێدار و کەرکوکن و بەشێکی تریشی هی ئێرانە، بەڵام دیار نییە کوالێتیی و ئۆکتانی بەنزینەکەیان شیاوی بەکارهێنانە یاخود نا.
پێداچوونەوە: هاوبەش