پردى گۆخڵان و چەمى سوراو بوون

سەرچاوەی پیسکردنی ژینگەی گەرمک پاککرایەوە

شۆڕش قادری

جوتیاران و وەرزێرانی ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن، هەر کارێکی کشتوکاڵییان کردووە، کەرەستە و پاشماوەی کارەکانیان لە پردی گۆخڵان و چەمی سوراو فڕێداوە، بۆیە ببوونە سەرچاوەی پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە، شارەوانی گەرمک کەوتەخۆ و پوخت و خاوێن شوێنەکەی پاک کردەوە.

سەروەر شێخ عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی گەرمک بە 964ـی وت، “لەسەر راسپاردەى ئێمە کۆمپانیاى گەردین هەستاوە بە پاککردنەوەی پردى گۆخڵان و چەمى سوراو کە لە رابردوودا ببوە سەرچاوەى پیسکردنى ژینگە و بەخشینى سیمایەکى ناشیرین بە ناوچەکە”.

“ئەو شوێنە پڕ بووە کە دەرمان و کەرەستەی کشتوکاڵی بەکارهاتوو و خراپبوو و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە فڕێدراون”، سەروەر شێخ عەبدوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتە لەچوارچێوەى پاراستنى ژینگە و سروشتى سنورى شارەوانى گەرمکە کە بەیەکێک لە ناوچە گەشتیارى و دڵڕفێنەکانى سنورى قەزاى پێنجوێن دادەنرێت.

سەروەر شێخ عەبدوڵا داوایشی لە گەشتیاران و هاوڵاتیانى ناوچەکە کرد، هاوکاریان بن لە پاکڕاگرتنى ژینگە و فڕێنەدانى پاشماوەى خۆڵ و خاشاک لە ناوچە گشتییەکان.