دوای ئازادكردنی بەكەفالەت

رۆژنامەنووس دانا ساڵح دووبارە لە سلێمانی دەستگیركرایەوە

+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی 28.2.2025 لە سلێمانی چوار رۆژنامەنوس لە دامەزراوەی میدیا21 دەستگیركران، لە رۆژی دواتر بە هەوڵی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بەكەفالەت سێ لەو رۆژنامەنووسانە ئازادكران، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنوسان دەڵێت، رۆژنامەنوس دانا ساڵح دووبارە دەستگیركراوەتەوە.

لەوبارەوە كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە 964ی وت، دوای ئەوەی لە رۆژی 1.3.2025 هەرسێ رۆژنامەنووس بەكەفالەتی 500 هەزار دینار ئازاد كران، دوێنێ لە ئاسایشی سلێمانی پەیوەندیان پێوەكراوە بچن مۆبایل و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان وەربگرنەوە، نەبەز شێخانی و سەردەشت حەمەساڵح كەلوپەلەكانی خۆیان وەرگرتووەتەوە و بەڕێكراون، بەڵام رۆژنامەنوس دانا ساڵح دووبارە لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوان پێشووتر بە ماددەی 443 تەشهیری رۆژنامەوانی دەستگیركرابوون، دواتر بە هەوڵی سەندیكا بە كەفالەت ئازادكران، “ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئاگاداریان كردمەوە لە راگیرانی ئەو رۆژنامەنووسە، دوصبارە بۆ لێپرسینیان سەردانی ئاسایشی سلێمانیم كرد، بەڵام پێیان راگەیاندم بابەتەكە پەیوەندی بە رۆژنامەوانییەوە نییە و لەسەر سكاڵایەكی دیكە دەستگیر كراوەتەوە”، كاروان ئەنوەر وای وت.

سەبارەت بە ئازادنەكردنی بەشدار بازیانییش وتی، كەیسەكەی بەشدار بازیانی جیاوازە لەو رۆژنامەنووسانەی دیكە، ئەو چەند سكاڵایەكی دیكەشی لەسەرە و بۆ لێكۆڵینەوە راگیراوە، دیاریش نییە كەی ئازاد دەكرێت.

لەسەر راگیرانی بەشدار بازیانی، بڕیار ئەبوبەكری برای قسەی بۆ 964 كردووە وتی، لە رۆژی دەستگیركردنییەوە میدیاكەیان داخستووە و ئاگاداری بارودۆخی خۆیشی نین، نازانین تەندروستی چۆنە و لەسەرچیش دەستگیركراوە، هەرچەند كەسوكارمان چەند جارێك سەردانی ئاسایشیان كردووە، بەڵام هیچیان لەبارەیەوە دەستنەكەوتووە و تەنیا ل ەرێگەی چەند كەسێكی نزیكی خۆیانەوە لەناو ئاسایش پێیان وتراوە دوای لێكۆڵینەوەكان ئازادی دەكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سێ رۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیر کران

سێ رۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیر کران