24ساڵە بە دەرمانی گیایی نەخۆش چارەسەر دەکات
سەندیکانی پزیشکان سکاڵا لەسەر کەسێک تۆمار دەکەن
964+
دەشتی عارف – هەولێر
لە هەولێر کەسێک هەیە چەندین ساڵە بە گیا دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەکانی پێستی هاوڵاتییان دەکات، ئێستا سەندیکای پزیشکانی هەولێر سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکردووە و دەڵێن، “ناکرێت هەر کەسێک لەخۆیەوە، بەناوی دەرمانی گیایی و پزیشکی گیایی تاقیکردنەوە لەسەر جەستەی هاوڵاتییان بکات.”
محەمەد خەسرۆ، ئەو کەسەیە کە چارەسەر بە دەرمانی گیایی دەکات، باسی هۆکاری سکاڵاکەی بۆ 964 کرد و وتی، “پزیشکەکان دەڵێن محەمەد کاری ئێمە دەکات، کە ئەمەش راست نییه، چونکە دەرمانی گیایی و چارەسەری سروشتی لە هەموو دنیا هەیە و منیش بە رێگەپێدانی فەرمی ماوەی 24 ساڵە خەڵکی چارەسەر دەکەم”.
وتیشی، “بەهۆی ئەوەی من چارەسەری نەخۆشییەکانی ئەگزیما و نەخۆشی سەدەفم دۆزیوەتەوە، بە بەکارهێنانی چەند تێکەڵەیەک لە گیا و بە چەند جەلسەیەک ئەو نەخۆشییانە بە تەواوی بنبڕ دەکەم و چارەسەری دەکەم، بۆیە پزیشکەکان نایانەوێت بەو شێوەیە بێت، چونکە ئەمە وا دەکات دەرمانەکانی ئەوان ساغ نەبێتەوە”.
“من لە بەردەم یاسام و دادگا چ بڕیارێک بدات قبوڵمە، ئەگەر کارەکەشم زیانی بە هاوڵاتیان گەیاندووە ئامادەی قبوڵکردنی هەموو سزایەکم، ئەگەریش سوودم بۆ خەڵک هەیە، با حکومەت هاوکارم بێت و رێگری لە داخستنی نۆرینگەکەم بکات.
ئامانج وەفایی، وتەبێژی سەندیکای پزیشکانی هەولێر، هۆکاری سکاڵاکردنیان لە محەمەد خەسرۆ لەلایەن سەندیکاکەیانەوە، بۆ 964 روونکردەوە و وتی، ” ئەم بەڕێزە دەستی داوەتە کارێک کە بە تەواوی کاری پزیشکە و پێویستی بە بڕوانامەی تایبەت و خوێندن هەیە و ناکرێت هەر کەسێک لەخۆیەوە بێت بە ناوی دەرمانی گیایی و پزیشکی گیایی، تاقیکردنەوە لەسەر جەستەی هاوڵاتیان بکات”.
وتیشی، “پێشووتریش سکاڵامان لەسەر چەند کەسێکی دیکە تۆمارکردووە، کە بە ناوی جیاجیا کاریان کردووە و زیانیان بە تەندروستی هاوڵاتیان گەیاندووە.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر