نزا بۆ خانەوادەکان دەکات

ترەمپ رەمەزان بە هیوا و هێز ناو دەهێنی


ئەحمەد مستەفا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکە جیاوازەکەی ئەمریکا پیرۆزبایی مانگی رەمەزان لە مسوڵمانانی جیهان و ئەمریکا دەکات، وە دەڵێ، ئەمڕۆ گەرمترین بەخێرهاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەکەم، کە کاتێکی پیرۆزە بۆ رۆژو و نوێژ و نزاکردن و کۆبونەوەی کۆمەڵایەتی.

ترەمپ بۆ مەرهەمی رەمەزان نوسیوویەتی، رەمەزان کاتێکە بۆ دۆزینەوەی هیوا و هێز و ئیلهام بۆ ژیان بە پیرۆزی و سەرفرازی.

لەو پەیامەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 3.3.2025 بڵاوی کردووەتەوە، لە بارەی مسوڵمانانی ئەمریکا دەنوسێ، لە کاتێکدا ملیۆنان موسوڵمانی ئەمەریکایی دەست دەکەن بە مانگی رەمەزانیان، بەڕێوەبەرایەتیەکەم جەخت دەکاتەوە لەسەر ئازادی ئاینی کە بەشێکی دانەبڕاوە لە شێوازی ژیانی ئەمەریکاییەکان.

زیاتر نوسیوویەتی، لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئێمە ئیرادەی خۆمان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئاشتی نوێ دەکەینەوە، بۆ ناسینی ئەو کەرامەتەی کە لەسەر هەموو رۆحێکی مرۆڤ چەسپاوە، ئەم رەمەزانە، باشترین هیوا دەخوازم بۆ کاتێکی خۆشی بیرکردنەوە لە نیعمەت و خۆشەویستی بێ سنووری خودا، خوای گەورە لەم رەمەزانەدا ئێوە و خانەوادەکانتان بپارێزێت.

رۆژی 1.3.2025 لە زۆرینەی وڵاتانی سونە مەزهەب یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەستی پێکرد، شیعەکان رۆژی 2.3.2025 یان کرد بە یەکەم رۆژی رەمەزان.