قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان- وێنە: 964+
بەدرێژایى مانگى رەمەزان
بڕیاردرا؛ لە دەربەندیخان سەرجەم شوێنەکانى مەیفرۆشى داخران
964+
وریا فەتاح
قایمقامییەتى دەربەندیخان بڕیاریدا بە داخستنى سەرجەم شوێنەکانى مەیفرۆشى لە مانگى رەمەزاندا، قایمقامى شارەکەش دەڵێت: هەر شوێنێک پابەند نەبێت رووبەڕووى لێپرسینەوەى یاسایى دەبێتەوە.
سلێمان محەمەد، قایمقامى دەربەندیخان بە 964ـى وت،” ئەمڕۆ دووشەممە، 3.3.2025، لە دیوانى قایمقامییەت کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و چەند بڕیارێکمان دەرکرد، لەوانە داخستنی ئەو شوێنانەی کە مەی دەفرۆشن لەمانگی رەمەزاندا”.
وەک باسى دەکات، جۆر و شوێنى مەیفرۆشانەى ئەمڕۆ قەدەغەیان کردوون، لە سلێمانى و زۆر جێگاى دیکە قەدەغەیە، چونکە ئەو شوێنانەى دایانخستوون مەیفرۆشى سەفەرین و شوێنى دانیشتنیان نییە و مەى بە رێبواران دەفرۆشن.
جەختیش دەکاتەوە، لە کاتى پابەند نەبوون، رووبەڕووى لێپێچینەوە دەبنەوە.
هەر لە بڕیارەکانى قایمقامییەتى دەربەندیخاندا هاتووە، بڕیاردراوە بە رێگریکردن لەو ماتۆڕسکیلانە بونەتەهۆی بێزاری هاوڵاتیان.
سێ لە بڕیارەکانى تریش ئەمانەن:
یەکەم:رێگری کردن لەدیاردەی دەروەزە کردن لەناوشاردا و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵیان ئەنجام بدرێت .
دووەم: دانانی هێزی پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکان لەبەردەم مزگەوتەکاندا کە وتاری هەینی دەخوێندرێت، بەپێی پێویست .
سێیەم: جەخت کرایەوە لە لێپرسینەو کردن لەلایەن لیژنەی چاودێری کردنی بازاڕ و رێگری کردن لەبەرزکردنەوەی نرخی شتو مەک و چاودێری کردنی کوالێتی خۆراک و شیرینی.